• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 303
  • دوو شەممه 4/12/1393
  • رۆژژمێر :

هاوکاری پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ ئازاد کردنی مووسڵ


سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند: کاره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی هێرش بۆ سه‌ر داعش له‌ مووسڵ ده‌ستیپێکراوه‌ و بۆ سه‌رکه‌وتن له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مووسڵ هاوکاری نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق زۆر گرینگه‌.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ که‌ناڵی بی بی سی، له‌باره‌ی هه‌وڵه‌کانی داعش و گۆڕانکارییه‌کانی عێراق پاش هێرشی ئه‌م گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ وتی: داعش گرووپێکی تیرۆریستییه‌ که‌ هێشتاکه‌ ده‌توانێت دزه‌ بکاته‌ ناو شاره‌کانی ئێمه‌ و ببێته‌ هۆی کوشتن،ترس و تۆقاندنی خه‌ڵکی سڤیل هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ پاریس و دیکه‌ی پایته‌خته‌کاندا ئه‌نجامی دا، به‌ڵام ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌. بارودۆخه‌که‌ له‌ چاو ڕابردوو باشتر بووه،‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ندین کێشه‌وبه‌ره‌ی گه‌وره‌ ڕووبه‌ڕووین.
حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌باره‌ی شاری مووسڵ وه‌کوو بنکه‌ی سه‌ره‌کی داعش له‌ عێراق، وتی: مووسڵ له‌گه‌ڵ دیکه‌ی شوێنه‌کان جیاوازی زۆری هه‌یه‌. ئێمه‌ سه‌رقاڵی دابین کردنی کاره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی هێرش بۆ سه‌ر داعش له‌ مووسڵ له‌ ماوه‌ی مانگه‌کانی داهاتووداین. ئێمه‌ ده‌بێ به‌ وردبینییه‌وه‌ بۆ ئه‌م هێرشه‌ ئاماده‌ ببین چونکوو بۆ له‌ناوبردنی داعش ئێمه‌ ڕێگایه‌ک جگه‌ له‌ سه‌رکه‌وتن له‌ مووسڵ بوونی نییه‌.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی ئه‌م پرسیاره‌ که‌ چ که‌سێک ئۆپراسیۆنی دژه‌ داعش له‌ عێراق کۆنتڕۆڵ ده‌کات؛ میلیشیاکان یان سوپا؟ وتی: "ئه‌وانه‌ی که‌ به‌شداری له‌ ئۆپراسیۆنه‌کاندا ده‌که‌ن بریتین له‌ سوپا، پۆلیس، هێزه‌ ئه‌منییه‌کان. سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ له‌ ژێر فه‌رمانده‌یی گشتی سه‌رۆک وه‌زیراندان. هه‌ڵبه‌ت وه‌زیری به‌رگری و وه‌زیری ناوخۆ و به‌شێک له‌ هێزه ئه‌منییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش به‌شداری ده‌که‌ن. سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن. هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی نه‌ته‌وه‌ییش که‌ په‌رله‌مان قبووڵیانی کردووه‌‌ و یاسایین، ئه‌وانیش ده‌بێ هاوکاری هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی عێراق بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌وان هێشتاکه‌ ته‌ڤلی سوپا، یان پۆلیس نه‌کراون چونکوو ژماره‌یه‌ک له‌وان نایانه‌وێت بچنه‌ ناو هێزه‌کانی سوپا و پۆلیسه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ژماره‌یه‌ک له‌وان خوێندکارن. ئه‌وان خه‌ڵکی سڤیلن و سه‌رقاڵی کاره‌کانی خۆیانن. ئه‌وان ته‌نیا ده‌یانه‌وێت به‌رگری له‌ وڵاته‌که‌یان بکه‌ن."
درێژه‌ی دیمانه‌ی بی بی سی له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق؛
* بی بی سی: هه‌ندێ وڵاتی ناوچه‌که‌ له‌ ئاژاوه‌کانی سووریا تێوه‌گلاون ئایا ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت هه‌ندێ له‌ وڵاتانی دراوسێ ئێوه‌ش له‌ عێراق ئاوه‌ها ڕۆڵێک بگێڕن؟
- حه‌یده‌ر عه‌بادی: به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نا. ئێمه‌ له‌ یارمه‌تیدانی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و ده‌وڵه‌تی عێراق پێشوازی ده‌که‌ین به‌ڵام نامانه‌وێت ئه‌م وڵاتانه‌ له‌ ناوخۆی وڵاتدا تێوه‌گلاوی ئه‌م مه‌سه‌له‌ بن. هه‌رکام له‌م وڵاتانه‌ بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا نه‌ک ته‌نیا یارمه‌تی ئێمه‌ ناده‌ن به‌ڵکوو هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و سه‌ربازانی ئه‌وان بیر له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵاتانی خۆیان ده‌که‌نه‌وه‌.
* بی بی سی: ئاشکرایه‌ که‌ له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ حه‌ز به‌ عێراق له‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ناوچووه‌. ئێوه‌ چ کارێک ده‌توانن بۆ ورووژاندنی ئه‌مه‌ریکا ئه‌نجام بده‌ن؟
- حه‌یده‌ر عه‌بادی: هه‌ڵبه‌ت که‌ ئێمه‌ هێزی زه‌وینیمان ناوێت. ئێمه‌ بیر له‌وه‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ هێزێکی پێویست و باشمان بۆ شه‌ڕی زه‌وینی هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ پێویستمان به‌ چه‌ک و چۆڵ، جیهازاتی سه‌ربازی، مه‌شقپێکردن، جیهازاتی پێشکه‌وتوو و هاوکاری هه‌واڵگری بۆ شکست پێدانی داعش هه‌یه‌. من له‌ سێ مانگه‌ی یه‌که‌می وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران له‌ نه‌بوونی پشتیوانییه‌کان نائۆمید بووم. پاش تێپه‌ڕبوونی 4 یان 5 حه‌وته‌ پشتیوانییه‌کان زۆرتر بووه‌وه‌. هێرشه‌ ئاسمانییه‌کان له‌ ڕووی شێوازی ئه‌نجام بوون و ژماره‌وه‌ باشتر بووه‌‌ته‌وه‌. هاوکارییه‌کانی نێوان هێزه‌کانی ئێمه‌ و هێزی هاوپه‌یمانانیش زۆرتر بووه‌ته‌وه‌.
* بی بی سی: له‌ کۆتاییدا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر بابه‌تی مووسڵ که‌ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدایه‌. ئێوه‌ چ کاتێک و چلۆن مووسڵ وه‌رده‌گرنه‌وه‌؟
- حه‌یده‌ر عه‌بادی: ئێمه‌ به‌رنامه‌یه‌کمان هه‌یه‌ و هیوادارین له‌ ماوه‌ی سێ یان چوار مانگ و یان زۆرتر ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بدرێت. ئه‌م کاره‌ به‌ستراوه‌ به‌ بارودۆخ و ئاماده‌یی ئێمه‌ و هاوکاری هێزی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ عێراق. هێزه‌ ئه‌منییه‌کانی ئێمه‌ ده‌بێ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌م کاره‌ ئاماده‌ییان ببێت و بۆ ئه‌م کاره‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان چڕ بکه‌نه‌وه‌ و ڕایده‌گه‌یێنم که‌ هه‌وڵه‌کان بۆ ئۆپراسیۆنی مووسڵ ده‌ستیپێکردووه‌ و بۆ ئه‌م کاره‌ چه‌ندین له‌شکه‌ر له‌ هێزه‌کانی سوپا و هێزه‌کانی ئاسایشمان هه‌ڵبژاردووه‌. ده‌بێ هاوکارییه‌کی به‌ربڵاو له‌ نێوان ئه‌م هێزانه‌ و هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا ببێت. ده‌بێ هه‌ماهه‌نگییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو هێزه‌ به‌هێزتر بێت. ده‌بێ هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانی هێزی هاوپه‌یمانان له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئێمه‌ له‌ زه‌وین هه‌ماهه‌نگییه‌کی ته‌واو بێت. من دڵنیام له‌وه‌ی که‌ ئازادکردنی مووسڵ به‌ که‌مترین تێچوو و خه‌سار ته‌واو ده‌بێت و ده‌توانین گورزێکی گه‌وره‌ له‌  گرووپی تیرۆریستی داعش بوه‌شێنن،چونکوو ئه‌وان مووسڵیان وه‌کوو ناوه‌ندی خه‌لافه‌تی خۆیان داناوه‌. ئێمه‌ ده‌توانین داعش له‌ناو ببه‌ین. هیوادارم پێش له‌ کۆتایی هاتنی ساڵ مووسڵ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی داعش وه‌ریبگرینه‌وه‌.